»ده‌سپێك

»گۆرانی کوردی
»ڤیدیۆ کلیپ
»که‌شکۆڵ
»شاعیران
»سروودی نیشتیمانی
»ناوی کوردی
»نوکته‌
»دابه‌زاندن
»وێنه‌
»به‌سته‌ر
راسته‌وخۆ له‌ رادیۆ نه‌وا

کوردسات تیڤی

کوردستان تیڤی

تیشك تیڤی

رۆژ تیڤی

زاگرۆس تیڤی

کۆمه‌ڵه‌ تیڤی

رۆژهه‌ڵات تیڤی

ڤین تیڤی

نه‌ورۆز تیڤی

کوردستان و کورد

هاوڵاتی

په‌یامنێر

کوردیشه مێدیا

سبێی

ئاوێنه‌

کوردستان نیوس

یسلام په‌یك

گوڵان

خه‌بات

ده‌نگی میزۆپۆتانیا

ده‌نگی زایه‌ڵه‌

ده‌نگی ڤوا

ده‌نگی خاك

  میوان له‌سه‌ر هێڵ
  ژماره‌ی سه‌ردانه‌کان
 
 

  هونەر كارێكی زەحمەتە بۆ كچ و كوڕانی كورد
هونەر كارێكی زەحمەتە بۆ كچ و كوڕانی كورد
رەنگە بۆ كاتی ئێستا و ئەو قۆناغەی هونەری كوردی كارێكی دەگمەن بێت كە كچێكی تەمەن 20 ساڵی لە دایكبووی جەزیرە و پەروەردەی ئەڵمانیا خۆشەویستییەكی بێ سنووری بۆ فۆلكلۆر و هونەری رەسەنی كوردی هەبێت، نازدار وەك كچە كوردێك زۆر بە حەماسەوە باس لە هونەر و هونەرمەندانی رەسەنی وەك تەحسین تەها، حەسەن جزراوی، محەمەد عارف، ئایشەشان و مەریەم خان دەكات، یەكەم ئەلبوومیشی بەشێكی زۆری گۆرانییەكانی فۆلكلۆری ناوچەی جەزیرەن، چونكە خۆشەویستییەكی بێ سنووری هەیە بۆ شارەكەی، نازدار بە دەنگ و رووخساری سەرنجی هەموو لایەك بۆ خۆی رادەكێشی و ئەو ئیعتیرافەش دەكات كە جوانی و چۆنیەتی دەركەوتنی هونەرمەند لە نێو جەماوەر رۆڵێكی كاریگەری هەیە لە سەركەوتنی هونەرمەند، بەڵام بە گوتەی خۆی جوانی سەد دەر سەد نابێتە هۆی ئەوەی هونەرمەند پێگەیەكی پتەوی هەبێت، نازدار بۆ بڵاوكردنەوەی یەكەم ئەلبوومی خۆی كە دوای 4 ساڵ لە كاری بەردەوام خەریكە بڵاوبكرێتەوە و بكەوێتە بەر دەستی گوێگرانی هونەری رەسەنی كوردی، لە گفتوگۆیەكدا بەم شێوەیە بۆمان هاتە ئاخاوتن.


*دوای چوار ساڵ لە كاركردن خەریكە یەكەم ئەلبوومی خۆت بڵاوبكەیتەوە، هەست بەچی دەكەی؟
- ئەمە یەكەم كاری منە بە شێوەی سیدی پێشكەشی جەماوەری بكەم هەست بە خۆشییەكی زۆر دەكەم، ماوەی چوارساڵی بەردەوامە كار دەكەم بۆ بڵاوكردنەوەی یەكەم سیدی خۆم، پێشتر چەند جارێك سەردانی كوردستانم كردووە دوو كلیپیشم تۆمار كرد، لەم سیدییەدا حەزم كرد زیاتر تامێكی كوردی هەبێت موزیكژەنەكان كورد بن، بۆیە بڕیارمدا لە كوردستان كارەكان بكەم نەك لە توركیا یان وڵاتێكی دیكە.
*بۆچی چوار ساڵ دواكەوت و لە چەند تراك پێكهاتووە؟
- من لەم ماوەیەدا لە پاڵ كاری هونەری خەریكی خوێندن بووم، لەرووی هونەری و ماددیشەوە چەند كەموكوڕییەك هەبوون بۆیە هەندێك دواكەوت، بەرهەمەكەم لە 12 تراك پێكهاتووە، نیوەی گۆرانییەكان فۆلكلۆری ناوچەی جەزیرەن ئەوانی دیكەش لە لایەن باوكم ئامادە كراوە، لەو گۆرانیانەی باوكم میلۆدی سێیان من دامناوە، هەروەها گۆرانییەكی فۆلكلۆری بە زاراوەی سۆرانیشی تێدایە كە هەوڵێكی زۆرمدا بۆ ئەوەی گۆرانییەكە بە باشترین شێوە پێشكەش بكەم، لە سەردانەكانی پێشوومدا دوو گۆرانیم بە كلیپ تۆمار كرد، جگە لەمانە هەردوو گۆرانی ( هاوار و هەی دونیاێی)م بە كلیپ تۆمار كردووە .
* باوكت چۆن هاوكاری كردووی لەم سیدییە و لە كارەكانی پێشوو؟
- زۆربەی گۆرانییەكانم پەیڤەكانی هی باوكمە، هەروها لە گۆرانییە فۆلكلۆرییەكانیشدا هاوكارییەكی زۆری كردووم لە كۆكردنەوە و هەڵبژاردن و ئامادەكردنیان.
* تۆ زۆر باسی شاری جزیرە دەكەی ئەو شارە دڵرفێنە چ كاریگەرییەكی لەسەر هونەری تۆ هەبووە؟
- هێشتا من منداڵ بووم ئێمە ناچار بووین روو لە وڵاتی ئەڵمانیا بكەین، بۆیە هەمیشە ئاواتم ئەوە بوو جارێكی دیكە بگەڕێمەوە جزیر كۆچە و كۆڵانەكان و خەڵكی ئەم شارە ببینمەوە، دوای ئەوەی پاسپۆرتی ئەڵمانیم وەرگرت ئەو ئاواتەم هاتە دی،جزیرە شوێنی دەركەوتنی هونەرمەندانە، جزیرییەكان دەڵێن: جارێكیان میری بۆتان گوتبووی ئەگەر كەسێك لە جزیرە گۆرانی یان مەتەڵ یان بەسەرهاتێكی كوردی نەزانیت با ماڵی لێرە بار بكات و بڕوات، بۆیە دەبینین خەڵكی ئەم شارە هەمیشە حەز لە گۆرانی و سەما و سەیران دەكەن، منیش بە خۆشەویستی هونەرمەندانی وەك محەمەد عارف و حەسەن جزراوی و سەیدا حەموو هاتمە نێو بواری هونەرەوە و گۆرانی ئەوانم دەگوت، بەداخەوە زۆر لە گەنجانی ئێمە ئێستا حەز لە دەنگی ئەم گۆرانیبێژانە ناكەن، زۆر جار پێم دەڵێن ئەوە چییە ئەو گۆرانیانەت لەسەر مۆبایلەكەت داناوە.
* جزیرە یان تاراوگە ناسنامەی هونەری نازدارن؟
- ئەگەر من بە زمانی ئینگلیزی یان ئەڵمانی گۆرانیم گوتبا ئەوا لەوانەیە كەوتبامە ژێر كاریگەری تاراوگە، بەڵام جزیرە ناسنامەی هونەری منە، رەنگە تاراوگە لە بواری تەكنیك و مۆدێرنی میلۆدییەكانەوە كاریگەری هەبێت، چونكە لە رووی تەكنیكەوە ئەوروپا پێشكەوتووترە.
* ئەی موزیكی ئۆرجیناڵ یان مۆدێرن زیاتر كاریگەریی بەسەر تۆوە هەبووە و بۆچی؟
- لەبەر ئەوەی لە تەمەنێكی زوودا زۆر گوێم لە موزیكی ئۆرجیناڵ بووە بۆیە كاریگەری لەسەر من هەبووە، ئەگەر هونەرمەند پەروەردەی موزیكی چۆن بێت، ئەوا ئاساییە ئەو پەروەردە هونەرییە هەمیشە لە هەڵبژاردنی گۆرانییەكان رەنگدانەوەی بەسەر كارەكانی داهاتووی هونەرمەندەوە دەبێت.
* گۆرانی و موزیكی كوردی تا ئێستا تەرزێكی دیاریكراوی نییە و لەنێوان كاری ئۆرجیناڵ و مۆدێرندا دەخولێتەوە، بەڕای تۆ چۆن دەتوانین ناسنامەیەكی زانستی و ئەكادیمی بۆ گۆرانی و موزیكی كوردی دیاری بكەین، ئایا دەتوانین دەست لە لایەكیان هەڵگرین بۆ ئەوی تر؟
- بۆ من وەك نازدار كارێكی زەحمەتە دەست لە یەكیان هەڵگرم بۆ ئەوی تر، من تەنیا گۆرانی فۆلكلۆری ناڵێم بەڵكو گۆرانی مۆدێرنیش دەڵێم بۆ من و هەموو هونەرمەندێك پێویستە لە هەردوو بواردا گۆرانی بڵێت، چونكە چێژ وەرگرتن لە تام و ستایلی موزیك لای هەر كەسێك جیاوازە، ئەگەر یەكێك حەز لە فۆلكلۆر نەكات كەس ناتوانی بەسەریدا فەرز بكات، بۆیە پێویستە پۆپ و جازی كوردیش هەبێت، بەڵام ئەگەركەسێك گۆرانی فۆلكلۆر بڵێ نابێ تێكیان بدات بەڵكو دەبێ بناغەیان وەك خۆی بێت دووبارە بیڵێتەوە بێئەوەی دەستكاری بكات .
* هەندێك كەس بە بیانووی گوتنی گۆرانی مۆدێرن بوونەتە هۆی شێواندنی هونەری كوردی و رەنگدانەوەیەكی خراپیان هەیە لەسەر گۆرانی، چی دەڵێی بە ئەم كەسانە؟
- پێش هەموو شتێك دەبێ بزانین نوێكاری و گۆرانی مۆدێرن چییە، مۆدێرن بریتییە لە گۆڕینی ئیقاع و خێراكردنی ریتمی گۆرانییەكە و سوود وەرگرتن لە موزیكی بیانی كە زۆر جار لە ئاهەنگ و بۆ گەنجان پێویستن، بەڵام بۆ ئەوەی گۆرانی رەسەنایەتی خۆی بمینێت و تامی كوردی هەبێت با هەندێك بلوێر و ساز و ئامێرە كوردییەكانی تێدا بەكار بهێنرێن، پێم وایە ئەمەش كارێكی زۆر زەحمەت نییە.
* ئێستا شەپۆڵێكی ئەرابیسك گۆرانی كوردی گرتووەتەوە بەتایبەتی لە باشووری كوردستان كاریگەرییەكی زۆری دروست كردووە، ئەم دیاردەیە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
- ئەمەش جۆرە ستایلێكی تایبەتە، بەڵام لە باشوور زیاتر پەرەی سەندووە ئەم شێوە گوتنە لە قوڕگدا دەردەكەوێ، مخابن لەبەر ئەوەی كوردستان دابەشكراوە بۆ چوار پارچە ئاساییە كە كاریگەری هونەری توركی و عەرەبی و فارسی بەسەر هونەری كوردییەوە هەبێت.
* لە هەر چوار پارچەی كوردستان خەباتێكی بەردەوامی هونەری هەیە، پێت وایە لە كام پارچە زیاتر خزمەتی پاشەڕۆژی موزیكی كوردی دەكرێت؟
- لەكام پارچە زیاتر كاری هونەری رەسەنی كوردی بكرێت و موزیكێكی پاك و بێگەرد پێشكەش بكرێت كە ببێتە هۆی بەرەو پێشڤەچوونی، من پێموایە لە پاشەڕۆژدا لەم پارچەیە زیاتر خزمەتی هونەری كوردی دەكرێت.
*چۆن دەتوانین كاری موزیك لە كوردستان بكەین بە پیشە وەك ئەوەی لە توركیا هەیە؟
-سەرەتا دەبێ بزانین ستایلەكان لە یەكتری جیابكەینەوە و هونەرمەند شارەزای ئەو ستایلە بێت كە گۆرانی پێدەڵێت، نابێ رێگری هەبێت لەبەردەم ستایلێكی دیاریكراو، هەروەها پێویستە ئەو هونەرمەندە تازەپێگەیشتووانە بژار بكەین تەنیا كارە جوانەكانیان لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن و لەو رادیۆكان پێشكەش بە جەماوەر بكرێن، چونكە هەر كەسێك بۆ خۆی كلیپێك بكات ئەوا بە بێ هەڵسەنگاندن و مەرجی تایبەت نمایش دەكرێت، ئەمەش یەكێكە لە گرفتەكانی ئێمە.
* لە بواری ئەكادیمی دەربارەی موزیك تا چەندت خوێندووە؟
- بەشداریم لە خولێكی تایبەتدا كردووە دەربارەی موزیك بۆ ماوەی شەش مانگ، هەروەها لە قوتابخانەش چەند وانەیەكی تایبەتمان هەیە بە موزیك، بەڵام بۆ هونەرمەند وەك پێویست نین.
* كێ بە پیشەنگی خۆت دەزانی؟
- هونەرمەندانی نەمر تەحسین تەها، محەمەد شێخۆ زۆر گوێ لە دەنگیان دەگرم، لە هونەرمەندە نوێیەكانیش ناتوانم ناوی كەسیان بهێنم.
* تۆ كچی گەورەی ماڵی لە هەمان كاتدا قوتابیشی، ئایا ئەمانە كار ناكەنە سەر كاری هونەری؟
- ئەو سێ كارە كچی ماڵ و قوتابی و هونەر زۆر لە یەكتری جیان و زۆر زەحمەتیشن بۆ من، كە كچی گەورەی ماڵەوەم، چونكە دەبێ حیساب بۆ هەموو كار و هەڵسوكەوتی خۆم بكەم كە كاریگەرییان بەسەر خوشك و براكانمەوە هەیە، من هەر كارێك بكەم رەنگە ئەوانیش تا رادەیەكی زۆر بیكەن و چاو لە من بكەن، بەڵام بۆ ماوەی سێ ساڵ خوێندنم دەربارەی چۆنیەتی پەروەردە كردنی منداڵ بووە بۆیە تا رادەیەك شارەزام لە سایكۆلۆژییەتی منداڵ، من بە نیازم دوای بڵاوكردنەوەی سیدییەكم چەند چالاكییەك دەربارەی منداڵ ئەنجام بدەم وەك سازكردنی كۆنسێرت و سیمینار بۆ منداڵە بێ سەرپەرشتەكان ودایك و باوكان دەربارەی چۆنیەتی پەروەردەی منداڵ، دەبێ ئەوەش لە یاد نەكەین كە پەیوەندییەكی پتەو هەیە لەنێوان هونەر و سیسیۆلۆژیا
* وەك ئافرەتێك كاری هونەری تا چەند زەحمەتە؟
- هونەری كوردی بۆ هەردوو رەگەز زەحمەتە چ جای بۆ كچێك، ئەگەر هاوكاری دایك و باوكم نەبوایە من هیچ كاتێك نەمدەتوانی كاری هونەری بكەم و بێمە ئەو مەیدانەوە وسیدی بڵاو بكەمەوە، تا ئێستاش بیركردنەوەیەك هەیە لەنێو كورد كە نابێ كچ گۆرانی بڵێ، زۆر كچی دەنگخۆش هەن دەیانناسم، بەڵام لەبەر رێگری كۆمەڵگا ناتوانن دەركەون.
* جوانی تۆ خزمەتی كردی لە بواری هونەری یان بە پێچەوانەوە؟
- خۆتان دەزانن كە هونەرمەند دەردەكەوێ كاریگەری لەسەر چاو یان گوێچكەی بینەر هەیە، پێموایە وەك نازدار دەنگی من لە پێش رەنگەوەیە، بەڵام شێوە و روخساریش كارێگەری خۆیان هەبووە، رەنگە جاری وا هەبێت گرفتیشی بۆ من دروست كردبێت.
* هیچ كاتێك بە جوانی خۆتەوە دەنازی؟
لەوانەیە تا رادەیەك هەستیار بم، بەڵام هیچ كاتێك نەگەیشتووەتە رادەی ناز، هەندێك جار باری تەندروستیشم تەواو نییە، بەڵام باسی ناكەم.
* تۆ كاتی خۆت بۆ هونەر تەرخان كردووە، ئایا ئەمە نەبووتە هۆی ئەوەی كاریگەری هەبێت بەسەر ژیانی تایبەتیتەوە؟
- من حەز ناكەم لە رێگای هونەرەوە بژێوی خۆم پەیدا بكەم، چونكە من لە ئەڵمانیا دەژیم ئەمەش لەوێ كارێكی زەحمەتە بۆیە ناچارم گرنگی زیاتر بە خوێندن بدەم ئینجا هونەر هەرچەندە رێز و خۆشەویستییەكی بێ سنوورم بۆ هونەر هەیە و بووەتە بەشێك لە ژیانم و یەكێك لە كارە سەرەكییەكانم، هونەر پێویستی بە ماندووبوون و ئەركێكی زۆر هەیە، چونكە رۆژانی شەممە و یەكشەممە ئەگەر بەشداری لە كارێكی هونەریدا بكەم ئەوا مێشك و جەستەم زۆر ماندوو دەبن تەنانەت جاری وا هەیە رۆژانی دووشەممە ناتوانم بچم بۆ قوتابخانە، هەروەها دەمەوێ ئاماژە بەوە بكەم كە من لە ساڵێكدا تەنیا یەك مانگ پشووم هەیە ئەو مانگە پشووش دێم لە كوردستان بەسەری دەبەم بۆ ئەنجامدانی كاری هونەری بۆیە تا ئێستا دەرفەتی ئەوەم نەبووە كاتێك بۆ دڵی خۆم تەرخان بكەم.
* دوور لە هونەر رقت لە چییە و حەز دەكەی لە چ تەمەنێكدا بمری؟
- من حەز ناكەم زۆر پیر ببم، هەر كاتێك كە توانای رۆیشتنم نەبوو با ئەو كاتە بمرم، زۆر رقم لە درۆ و دواكەوتنە لە ژوان، هەروەها چایی بە رەنگم ناوێ و زۆر حەز لە تەماتە دەكەم.





 


 

سه‌رچاوه‌ی مه‌ڵپه‌ری گوڵان مێدیا‌

16.08.2008 رێکه‌وتی بڵاوکردنه‌وه‌
 

 بۆ ئازیزانی مه‌ڵپه‌ری قوبادی ::

تکایه‌ ئه‌گه‌ر نوسینه‌کانی سه‌ره‌وه‌تان بۆ ناخێنرێته‌وه‌ لێره‌ فۆنتی کوردی داگره‌ بۆ کۆمپیته‌ره‌که‌ت
Tikaye eger nusînekany serewetan bo naxwênrêrewe
Lêre  Fonti Kurdî Dabigre bo Komputereket

داگرتنی فۆنتی کوردی
Dagirtinî Fonti Kurdi
 

 
 
 
 
 
 
www.Qubadi.com  سه‌ره‌تا .: په‌یوه‌ندی .: 2009-2006 © هه‌موو مافه‌کانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ پارێزراون بۆ
Created And Designed By Farooq R. Grjo_Gull